b <center> كه‌لیخان </center>: March 2009
Thursday, March 05, 2009
 

ئازیزان، خۆشه‌ویستانی مامه‌ قاله‌!
هاوڕیان، دۆستان!

زوڕ به‌ شانازی ده‌زانم که‌ له‌ لایه‌ن داده‌نه‌سرت، هاوسه‌ری به‌ڕێز مامه‌قاله‌ و هه‌روها منداڵ و خزم و که‌س و کار و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی مامه‌ قاله‌، ئه‌و ئه‌رکه‌م پێ سپاردراوه‌ که‌ له‌م‌ کۆڕی یاده‌دا سپاس و ڕێزمان بۆ به‌شداری و هاوده‌ردی و دڵسوزی هه‌موو ئێوه‌ی به‌ڕێز و هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ی که‌ چ به‌ به‌سه‌رکردنه‌وه،‌ یان به‌ تلیفون و نامه‌، یان به‌ نووسین و په‌خشان له‌ بڵاوکراوه‌ گشتیه‌کاندا، ڕێزیان له یادی خۆشه‌ویست، پیری سه‌نگه‌ر، مامه‌ قاله‌ی ده‌باغی‌ گرتووه، ده‌ربڕم‌.

حه‌ق وایه‌ پێش هه‌مو شتێک، ئیمه‌ش وه‌ک بنه‌ماڵه‌ی دڵ به‌ماته‌می مامه قاله‌،‌ پرسه‌ و سه‌ره‌ خۆشی خومان ئاره‌سته‌ی هاورێیان و هاوسه‌نگه‌رانی مامه‌ له‌ حیزبی دێمۆکراتدا بکه‌ین و سپاسی بێ پایانی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌و هاورێیانه که‌ ئه‌و هه‌مو ئه‌رک و ماندووبوونه‌یان وه‌ئه‌ستۆگرتوه‌ ده‌ربرین.
‌هه‌روه‌ها سه‌ری ڕێزو سوپاسمان بو هه‌مو خه‌ڵکی کوردستان به‌ تایبه‌ت بو خه‌ڵکی شاره‌کانی سه‌قز و بانه‌ و بوکان و مه‌اباد و سنه‌ داده‌‌نه‌وێنین که‌ وا به‌ به‌ربڵاوی وبه‌ کۆمه‌ڵ به‌شداری ماته‌مینی کۆچی دوایی مامه‌ قاڵه‌ بوون.

ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی کۆچی دوایی پیری هه‌میشه‌ کۆچه‌ری ئاواره‌ی هه‌ندران و ڕاده‌ی‌ به‌شدارانی کۆڕی ماته‌مینی ئه‌و گه‌وره‌ پیاوه،‌ باشترین ئاوینه‌یه‌ بۆ ناسینی که‌سایه‌تی و بیرو بۆچوونی ئه‌و به‌ڕێزه‌‌.
به‌ڕاستی چ به‌ڵگه‌یک باشتر له‌ به‌په‌ڕۆشی و هاوده‌ردی کۆمه‌ڵانی هه‌مو پارچه‌کانی کوردستان ده‌توانێت سه‌ڵمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ بێت که له‌ دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی مامه‌قاله‌دا کوردستان دابه‌ش‌نه‌کرابوو و ئه‌و ئینسانه‌‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان دا هاوڕێ و دۆست و ئاشنای هه‌بوو.

مامه‌ دێمۆکراتێکی ڕاسته‌قینه‌، دڵفراوان و دژی وشکه‌ ته‌عسوب بوو، هه‌ربۆێه‌ جگه‌ له‌ هاوسه‌نگه‌رانی ناو حیزبه‌که‌ی خۆی، له‌ نێو زۆربه‌ی ڕێکخراو، حیزب و کومه‌ڵه‌ کوردستانیه‌کاندا‌ دۆست و هاوڕێی هه‌بوو و له‌ نێو ماته‌مدارانی ئه‌و ئازیزه‌دا لایه‌نگرانی هه‌موو بیر و بۆچوونێک ده‌بیندرێت.

مامه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ر‌ی دێمۆکڕات، له‌ ماوه‌ی 70 ساڵ خه‌باتی بێ وچان و پڕ له‌ شانازی خۆیدا هه‌میشه‌ بایه‌خێکی تایبه‌تی به پێداویستی‌ به‌شداری هه‌موو توێژ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی‌دا داوه و‌ به‌ ده‌یان جار لێمان بیستوه‌ که‌‌ وتوویه‌تی که‌ به‌ بێ به‌‌شداری به‌شی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵک به‌ ئاکام‌گه‌یشتنی ئه‌م خه‌باته‌ زۆر دژوار و نامومکین ده‌بێ‌. هه‌ر بۆیه چ له‌م کوڕه‌ ماته‌مینه‌دا و چ له‌ بڵاوکراوه‌ گشتیه‌کاندا، له‌ نێو ئه‌وانه‌ی وا‌ داخ و په‌رۆشی خۆیان له‌ دواسه‌فه‌ری مامه‌ ده‌ربڕیوه‌،‌ نوێنه‌رانی هه‌مووچین و ‌توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ وه‌دی‌ده‌کرێت.

لاوی ڕۆشنبیری سه‌رده‌می کۆمار، له‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی دورو درێژ و پڕ له‌ شانازیدا، پێشکه‌وتوخواز و عه‌داڵه‌تجو مایه‌وه. مامه‌ باوڕێکی تایبه‌تی به یه‌کسانی ژن و پیاو و به‌ هێزی داهێنه‌ری لاوان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ئازیزی هه‌موو ئه‌و ژن و لاوانه‌ش‌ بوو که‌ ده‌یان‌ناسی و ساتێک له‌ گه‌ڵیدا هه‌ڵسوو که‌وتییان بووه‌.

جگه‌ له‌م ڕاستیانه‌، بۆ ئێمه‌ وه‌ک خزم و بنه‌ماڵه‌ی مامه‌ قاله‌، له‌ ده‌ستدانی مامه،‌ له‌ ده‌ستدانی دڵسوزو خۆشه‌ویستیک بوو که‌ گه‌رچی پیری، دووری وغه‌ریبی ده‌ست و باڵی به‌ستبوو، به‌ڵام له‌ هه‌موو کاتێکدا به دڵ و به‌ گیان، به‌‌ ده‌رد و خه‌می هه‌موانه‌وه بوو‌ و به‌ دڵسۆزی و به‌ ڕێنوێنیه‌ جوانه‌کانی هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌ بوو که‌ یارمه‌تیده‌رێک بێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کان.

مامه‌ گیان! ئه‌تۆ،‌ که‌ هه‌ر چه‌ند ڕوژ جارێک، شێعری دێم و دێمی ماموستا هێمن‌ت دووپات ده‌کرده‌وه،‌ به‌ داخ و خه‌میکی بێ‌سنوره‌وه،‌ زۆر دوور له‌ سنووره‌کانی کوردستان، ته‌سلیمی خاک کرای، به‌ڵام ‌ باش ده‌زانین‌ که‌ ئێستا ڕوحی پاک و سووک و به‌رزه‌فڕت، سنووره‌کان ده‌بڕێ و به ‌سه‌ر مێرگ و چیاکانی کوردستان دا ده‌فڕێت و توونیه‌تی غووربه‌تی ده‌یان ساڵه‌‌ت، به‌ ئاوی زوڵاڵی کانیاوه‌کانی نیشتمان ده‌شکێنیت.

به‌ڕاستی، چ غه‌م له‌ مردن، بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ به‌ ڕۆژان و به‌ ساڵان یادی له‌ دڵ و بیری سه‌دان و هه‌زاران کوردی نیشتمانپه‌روه‌ردا ده‌مێنێت!

چه‌ غه‌م له‌ مردن، بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ڕوڵه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ‌ و کۆمار و ڕێبواری بێوچانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بووه‌.

چه‌ غه‌م له‌ مردن، بۆ که‌سێک که‌ گفتوقسه‌ خۆشه‌کانی هه‌تا‌ هه‌تایه‌، به‌زه به‌ سه‌ر لێوی هه‌ر که‌سێک دێنێت که‌ ساتێک له‌ مجلیسی‌دا دانیشتبێت و گۆی‌بیستی بیره‌وه‌ریه‌کانی بووبێت.

ئازیزانی مامه‌ قاله، ئیزنم بده‌ن له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و خزم و که‌س و کاری مامه‌ قاله‌وه،‌ جارێکیتر سپاسی به‌شداربوونتان بکه‌م و سه‌ری کوڕنۆش بۆ گه‌وره‌یتان، بۆ دڵسوزیتان و بۆ هاوده‌ردیتان دانه‌وێنم.

زۆرسوپاس!
2009-02-12

چه‌ند وێنه‌ له‌ مامه‌ قاڵه‌

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~

This page is powered by Blogger. Isn't yours?