b <center> كه‌لیخان </center>
Thursday, March 05, 2009
 

ئازیزان، خۆشه‌ویستانی مامه‌ قاله‌!
هاوڕیان، دۆستان!

زوڕ به‌ شانازی ده‌زانم که‌ له‌ لایه‌ن داده‌نه‌سرت، هاوسه‌ری به‌ڕێز مامه‌قاله‌ و هه‌روها منداڵ و خزم و که‌س و کار و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی مامه‌ قاله‌، ئه‌و ئه‌رکه‌م پێ سپاردراوه‌ که‌ له‌م‌ کۆڕی یاده‌دا سپاس و ڕێزمان بۆ به‌شداری و هاوده‌ردی و دڵسوزی هه‌موو ئێوه‌ی به‌ڕێز و هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ی که‌ چ به‌ به‌سه‌رکردنه‌وه،‌ یان به‌ تلیفون و نامه‌، یان به‌ نووسین و په‌خشان له‌ بڵاوکراوه‌ گشتیه‌کاندا، ڕێزیان له یادی خۆشه‌ویست، پیری سه‌نگه‌ر، مامه‌ قاله‌ی ده‌باغی‌ گرتووه، ده‌ربڕم‌.

حه‌ق وایه‌ پێش هه‌مو شتێک، ئیمه‌ش وه‌ک بنه‌ماڵه‌ی دڵ به‌ماته‌می مامه قاله‌،‌ پرسه‌ و سه‌ره‌ خۆشی خومان ئاره‌سته‌ی هاورێیان و هاوسه‌نگه‌رانی مامه‌ له‌ حیزبی دێمۆکراتدا بکه‌ین و سپاسی بێ پایانی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌و هاورێیانه که‌ ئه‌و هه‌مو ئه‌رک و ماندووبوونه‌یان وه‌ئه‌ستۆگرتوه‌ ده‌ربرین.
‌هه‌روه‌ها سه‌ری ڕێزو سوپاسمان بو هه‌مو خه‌ڵکی کوردستان به‌ تایبه‌ت بو خه‌ڵکی شاره‌کانی سه‌قز و بانه‌ و بوکان و مه‌اباد و سنه‌ داده‌‌نه‌وێنین که‌ وا به‌ به‌ربڵاوی وبه‌ کۆمه‌ڵ به‌شداری ماته‌مینی کۆچی دوایی مامه‌ قاڵه‌ بوون.

ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی کۆچی دوایی پیری هه‌میشه‌ کۆچه‌ری ئاواره‌ی هه‌ندران و ڕاده‌ی‌ به‌شدارانی کۆڕی ماته‌مینی ئه‌و گه‌وره‌ پیاوه،‌ باشترین ئاوینه‌یه‌ بۆ ناسینی که‌سایه‌تی و بیرو بۆچوونی ئه‌و به‌ڕێزه‌‌.
به‌ڕاستی چ به‌ڵگه‌یک باشتر له‌ به‌په‌ڕۆشی و هاوده‌ردی کۆمه‌ڵانی هه‌مو پارچه‌کانی کوردستان ده‌توانێت سه‌ڵمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ بێت که له‌ دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی مامه‌قاله‌دا کوردستان دابه‌ش‌نه‌کرابوو و ئه‌و ئینسانه‌‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان دا هاوڕێ و دۆست و ئاشنای هه‌بوو.

مامه‌ دێمۆکراتێکی ڕاسته‌قینه‌، دڵفراوان و دژی وشکه‌ ته‌عسوب بوو، هه‌ربۆێه‌ جگه‌ له‌ هاوسه‌نگه‌رانی ناو حیزبه‌که‌ی خۆی، له‌ نێو زۆربه‌ی ڕێکخراو، حیزب و کومه‌ڵه‌ کوردستانیه‌کاندا‌ دۆست و هاوڕێی هه‌بوو و له‌ نێو ماته‌مدارانی ئه‌و ئازیزه‌دا لایه‌نگرانی هه‌موو بیر و بۆچوونێک ده‌بیندرێت.

مامه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ر‌ی دێمۆکڕات، له‌ ماوه‌ی 70 ساڵ خه‌باتی بێ وچان و پڕ له‌ شانازی خۆیدا هه‌میشه‌ بایه‌خێکی تایبه‌تی به پێداویستی‌ به‌شداری هه‌موو توێژ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی‌دا داوه و‌ به‌ ده‌یان جار لێمان بیستوه‌ که‌‌ وتوویه‌تی که‌ به‌ بێ به‌‌شداری به‌شی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵک به‌ ئاکام‌گه‌یشتنی ئه‌م خه‌باته‌ زۆر دژوار و نامومکین ده‌بێ‌. هه‌ر بۆیه چ له‌م کوڕه‌ ماته‌مینه‌دا و چ له‌ بڵاوکراوه‌ گشتیه‌کاندا، له‌ نێو ئه‌وانه‌ی وا‌ داخ و په‌رۆشی خۆیان له‌ دواسه‌فه‌ری مامه‌ ده‌ربڕیوه‌،‌ نوێنه‌رانی هه‌مووچین و ‌توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ وه‌دی‌ده‌کرێت.

لاوی ڕۆشنبیری سه‌رده‌می کۆمار، له‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی دورو درێژ و پڕ له‌ شانازیدا، پێشکه‌وتوخواز و عه‌داڵه‌تجو مایه‌وه. مامه‌ باوڕێکی تایبه‌تی به یه‌کسانی ژن و پیاو و به‌ هێزی داهێنه‌ری لاوان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ئازیزی هه‌موو ئه‌و ژن و لاوانه‌ش‌ بوو که‌ ده‌یان‌ناسی و ساتێک له‌ گه‌ڵیدا هه‌ڵسوو که‌وتییان بووه‌.

جگه‌ له‌م ڕاستیانه‌، بۆ ئێمه‌ وه‌ک خزم و بنه‌ماڵه‌ی مامه‌ قاله‌، له‌ ده‌ستدانی مامه،‌ له‌ ده‌ستدانی دڵسوزو خۆشه‌ویستیک بوو که‌ گه‌رچی پیری، دووری وغه‌ریبی ده‌ست و باڵی به‌ستبوو، به‌ڵام له‌ هه‌موو کاتێکدا به دڵ و به‌ گیان، به‌‌ ده‌رد و خه‌می هه‌موانه‌وه بوو‌ و به‌ دڵسۆزی و به‌ ڕێنوێنیه‌ جوانه‌کانی هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌ بوو که‌ یارمه‌تیده‌رێک بێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کان.

مامه‌ گیان! ئه‌تۆ،‌ که‌ هه‌ر چه‌ند ڕوژ جارێک، شێعری دێم و دێمی ماموستا هێمن‌ت دووپات ده‌کرده‌وه،‌ به‌ داخ و خه‌میکی بێ‌سنوره‌وه،‌ زۆر دوور له‌ سنووره‌کانی کوردستان، ته‌سلیمی خاک کرای، به‌ڵام ‌ باش ده‌زانین‌ که‌ ئێستا ڕوحی پاک و سووک و به‌رزه‌فڕت، سنووره‌کان ده‌بڕێ و به ‌سه‌ر مێرگ و چیاکانی کوردستان دا ده‌فڕێت و توونیه‌تی غووربه‌تی ده‌یان ساڵه‌‌ت، به‌ ئاوی زوڵاڵی کانیاوه‌کانی نیشتمان ده‌شکێنیت.

به‌ڕاستی، چ غه‌م له‌ مردن، بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ به‌ ڕۆژان و به‌ ساڵان یادی له‌ دڵ و بیری سه‌دان و هه‌زاران کوردی نیشتمانپه‌روه‌ردا ده‌مێنێت!

چه‌ غه‌م له‌ مردن، بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ڕوڵه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ‌ و کۆمار و ڕێبواری بێوچانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بووه‌.

چه‌ غه‌م له‌ مردن، بۆ که‌سێک که‌ گفتوقسه‌ خۆشه‌کانی هه‌تا‌ هه‌تایه‌، به‌زه به‌ سه‌ر لێوی هه‌ر که‌سێک دێنێت که‌ ساتێک له‌ مجلیسی‌دا دانیشتبێت و گۆی‌بیستی بیره‌وه‌ریه‌کانی بووبێت.

ئازیزانی مامه‌ قاله، ئیزنم بده‌ن له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و خزم و که‌س و کاری مامه‌ قاله‌وه،‌ جارێکیتر سپاسی به‌شداربوونتان بکه‌م و سه‌ری کوڕنۆش بۆ گه‌وره‌یتان، بۆ دڵسوزیتان و بۆ هاوده‌ردیتان دانه‌وێنم.

زۆرسوپاس!
2009-02-12

چه‌ند وێنه‌ له‌ مامه‌ قاڵه‌

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Wednesday, March 21, 2007
 

ساڵی نوێ تان لێ پیرۆز بێت

ئازیزان!
ساڵی نوێ تان زۆرزۆر زۆر لێ پیررۆز بێت

عه‌تا

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Monday, September 18, 2006
 

گله‌یی‌

ئه‌ی بێ وه‌فا، چۆن خۆت گۆڕی
حه‌تا به‌ خه‌ون نات ناسمه‌وه‌!

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Thursday, August 17, 2006
 

فێمینیزم و گرفتی ژنی کورد

له‌یلا له‌ سایتی دیمانه‌ دا ئه‌م پرسیاره‌ی هێناوه‌ته‌ گۆر که‌ " ئایا فێمینیزم ڕێگه‌‌یه‌كی باشه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ژنی کورد".

من هه‌میشه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ خۆم به‌ ئه‌ندامی ئه‌و جووڵانه‌وه‌ دیموکراتیکانه‌ زانیوه‌ که‌ بو گه‌یشتن به‌ یه‌کسانی ڕاسته‌قینه‌ی ژن و پیاو خه‌بات ده‌که‌ن و به‌ پێی توانا بشداری بووم. له‌گه‌ڵ ئه‌ویش به‌ هۆی کارکردنی چه‌ندین ساله‌ له‌ ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کاندا له‌ سه‌ر ئه‌وباوره‌م که‌ هه‌ر ئیسمێک، فێمنیزمیشمیشی له‌گه‌ڵ، له‌ ده‌رونی خویدا هه‌ڵگری دوگماتیسم و ته‌عه‌سوبه‌ و ده‌توانێ وه‌ک ئامرازیکی ئایدولوجیک له‌ده‌ست لاینگرانی ده‌روێش مه‌سله‌ک و بیركورت و مه‌لڕه‌ق دا به‌ته‌واوی‌ دژی ئامانجه‌کانی بنه‌ره‌تی خۆی عه‌مه‌ل بکات. هه‌ربویه‌ ئێستا که‌ ده‌مه‌وه‌ ڕای خوم سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره ده‌ربڕم ، به‌ باشی ده‌زانم که‌ ‌به‌ ڕاشکاوی بڵیم که‌ من نه‌ک وه‌ک فێمنیستێک، به‌ڵکوو وه‌ک ئینسانیکی دیموکراتخواز که‌ باوه‌ڕێکی قوڵم به‌ مافی ژن و به‌ یکسانی سه‌د له‌ سه‌د و بێ هیچ چه‌شنه‌ ئه‌ما و ئه‌گه‌ری ژن و پیاو هه‌یه‌ ئه‌م چه‌ن دێره‌ ده‌نووسم.

فێمینیزم هه‌روه‌ک هه‌مو بۆچوون و جوڵانه‌وه‌یکی پێشکه‌وتووخواز که‌‌ بۆ نه‌هیشتنی نابه‌رابه‌ری نێوان ژن و پێاو و پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێموکرات و پێشکه‌وتوو هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌توانن و ده‌بێ به‌شداری چالاکی خه‌باتی چاره‌سه‌رکردنی گرفتی ژنی کورد بن. له‌ ڕاستیدا پرسیاره‌که‌ دیتوانی و ده‌با ئاوا گه‌ڵاله‌ کرابات که‌ " چۆن ده‌توانرێت له‌ فێمینیزم بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ژنی کورد که‌ڵک وه‌ڕگیریت" یان " به‌ چه‌ چه‌شنێک فێمینیسته‌‌کان ده‌توانن ده‌ورێکی سه‌ره‌کی له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ژنی کورد بگێڕن".

باوه‌ڕهینان به‌ به‌رابه‌ری ژن و پێاو له‌ به‌رابه‌ر یاسا و مافی به‌رابه‌ر بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ هه‌موو بنه‌ما و ئیمکاناتی کۆمه‌ڵگه پێش هه‌مو شتیک ئه‌مریکی کۆلتوریه‌ که‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به‌ ڕاده‌ی پێشکه‌وتوویی کۆموڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی. کوسپی سه‌ره‌کی سه‌ر ڕێ ژنی کورد، بۆنمونه‌ له باشوری‌ کوردستان، نه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌سگا حکومه‌تیکان به‌ڵکو له‌ گه‌ڵ داب و نه‌ڕیتی دواکه‌وتوو و پێاوسالارانه‌یه‌. هه‌ربۆیه خه‌بات بۆ‌ نه‌هیشتنی بێسه‌وادی و په‌ره‌ پێدانی زانست و به‌ره‌و پێش بردنی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان ده‌توانی به‌شیکی به‌رچاوی خه‌بات بۆ چاره‌ سه‌ر کردنی گرفتی ژنی کورد بێت. به‌داخه‌وه‌ خه‌بات بۆ ئاڵوگوری کۆڵتوری زۆر درێژ خایه‌نتره‌ له‌ خه‌باتی سیاسی و پشوو سواریکی زیاتری پێویسته‌.

فێمینیستی کورد هه‌ر وه‌ک هه‌ر تێکوشه‌رێكی تری پێشکه‌وته‌خواز ته‌نیا ئه‌وکاته‌ ده‌توانی سه‌رکه‌وتوو بێت که‌ به‌ هه‌ڵساندنکی بنه‌ره‌تی و زانستیانی کۆمه‌لگه‌ی کورده‌واری کوسپه‌ سه‌ره‌کیکان ده‌ستنیشان کات و هیزو توانی پێویست بۆ له‌ به‌ین بردنیان لێک گڕیدا. له‌م ڕێگایه‌دا ڕێخستنی سمینار و کۆنفرانس و بڵاو کردنه‌وی لێکۆلینه‌وه‌ی زانستی که‌ بناغه‌ی له‌ سه‌ر ئامار و فاکتای ڕاسته‌قینه‌ی بیت و له‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واری وه‌رگیرابیت ده‌توانی که‌ره‌سه‌ و یارمه‌تیده‌ری زۆر باش بیت.‌

هه‌روه‌ک باسم کرد ده‌بی گرفتی سه‌ره‌کی ئه‌وڕۆی ژنی کورد ده‌سنیشان کرێت و خه‌بات بۆ له‌نێو بردنیان یه‌ک کاسه‌ کریت، بۆ ئه‌وی بۆچونی خوم له‌م بابه‌ته‌و ڕون که‌مه‌وه‌ له‌ کوتایی ئه‌م نووسراوه‌ دا لیستێک‌ له‌ ئه‌و گره‌فتانه‌ی که‌ به‌ڕای من گرفتی سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی ژنی کوردن به‌‌ پێی گرنگ بوونیان له‌ لای من پێشکه‌ش ده‌که‌م:

1. بێسه‌وادی و نزمی تێگه‌ێشتنی ژنانی کورد له‌ مافه‌ سروشتی و یاسایه‌ کانی خویان.
2. ناساندی ژن به‌ ناموسی پیاو و هه‌مو ئه‌و گرفتانه‌ی که‌ ڕیشه‌یان له‌م بۆچونه‌دایه‌ وه‌ک قه‌تلی ناموسی.
3. به‌زۆر به‌ شودان
4 . مافی چه‌ن ژنی بۆ پێاو.
5. نابه‌رابه‌ری له‌ وه‌رگرتنی میرات و که‌م ده‌سه‌ڵاتی له‌ به‌ڕیوه‌ بردنی ئابوری خیزان.
6. بێ ده‌سه‌لاتی ژن له‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌لاق و په‌روه‌رده‌ی منداڵ به‌تایبه‌ت دوای جودا بوونه‌وه‌.

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Thursday, July 27, 2006
 

چوار ڕه‌وایت

ساڵی 1987 به‌ڕێز شه‌هید دۆکتور قاسملو له‌ پراگ، پێته‌ختی چکسله‌واکی، له‌سه‌ر داوا و هه‌وڵی به‌رێز عه‌زیز مه‌حه‌مه‌د، سه‌رۆکی حیزبی کمونیستی ئێراق، چاوپێکه‌وتنێکی ده‌گه‌ڵ عه‌لی خاوه‌ری، سه‌رۆکی حیزبی توده‌ ئێران، ده‌بێت. به‌ڕێز مامه‌ غنی ئه‌ندامی ئه‌وکاته‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حێزبی توده‌ له‌کاتی دیداره‌که‌دا نیشته‌جێ‌ هه‌مان هوتێل ده‌بێت که‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌، له‌وێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

گیرانه‌وه‌ی یه‌که‌م:
ساڵی 1988 له‌سه‌ر سنووری ئێران و ئێراق هاوڕێ عه‌زیز مه‌حه‌مه‌د چونیه‌تی ئه‌م دیداره‌ی به‌م چه‌شنه‌ باس کرد:
دوای هه‌وڵ و ته‌قه‌لایکی زۆڕ، توانیمان ویزای سه‌فه‌ری پراگ بۆ قاسملو جۆر که‌‌ین،" ده‌زانن که‌ دوای ڕوداوه‌کانی ساڵی 1967 له پراگ، قاسملو ڕێگای هاتووچووی وه‌ڵاته‌ کومونیستییه‌کانی لێ بڕابوو". هۆی سه‌ره‌کی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ دانیشتنێک بوو ده‌گه‌ڵ عه‌لی خاوه‌ری. ئێمه‌ پێمان وابوو که‌‌ دوای گیرانی ڕابه‌رانی حیزبی توده‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ل و مه‌رجی نوێ ، کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ دیموکرات و توده‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ په‌یوه‌ندی و هاریکاری بکه‌نه‌وه‌. هه‌ر له‌و هوتێله‌ی که‌ لێی نیشته‌جێ‌ بووین، دیداره‌که‌مان ده‌سپیکرد. ئه‌من بوخۆم دوای ده‌ربڕینی خۆشحالی خۆم به‌و کۆبوونه‌وه‌ و‌تم که به‌ بۆچوونی‌‌ ئێمه‌ له یه‌ک نیزیک بوونه‌وه‌ی دێموکرات و توده‌ پێداویستێکی زۆر گرنگی ئه‌م کاته‌یه‌ و هیچ لایه‌کیان بۆیان نییه‌ خۆ له‌م ڕاستییه‌ بپاڕێزن. ئه‌من وتم که ئێمه‌ هه‌موو ئه‌رکێکمان گرته‌ سه‌رشان تا هۆکار وده‌رفه‌تی ئه‌م دانیشتنه‌ پێکبێنین. ئێستا، به‌دوای دانیشتنی ئه‌مڕو، ئه‌رکی ئێمه‌ ته‌واو ده‌بێت و ئه‌من به‌جێتان دێڵم تا ئێوه ‌به ‌ڕاحه‌تی و به‌تێرو ته‌سه‌ری پێکه‌وه‌ بدوێن. هیوادارم به‌ ئه‌نجامیکی باش و دووستانه‌ بگه‌ن. دوای ئه‌وه،‌ من ژووری دانیشتنه‌که‌م به‌جێ هێشت. قاسملو و خاوری چه‌ند کاتژمێرێک به‌ ته‌نهایی پێکه‌وه‌ دووان. دوای کوتایی دانیشتنه‌که‌یان، که‌ دیار بوو به‌ ئه‌نجامیکی ڕوون نه‌گه‌یشتبوو، خاوری ڕایگه‌یاند که‌ بۆ ئه‌رکێکی حیزبی ده‌بێت بڕوا به‌ڵام به‌زووترین کات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوو، دوو سێ ڕۆژی تریش قاسملومان له‌ پراگ ڕاگرت، به‌ڵام له‌ خاوری چ‌ خه‌به‌رنه‌بوو. ئه‌و هه‌موو‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئێمه‌ش به‌فیڕۆ چوو. نازانم حیزبی توده‌ خه‌ریکی چی بوو‌. بۆ هیچ کوردیکیان نه‌هینابوو بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌. به‌تایبه‌ت که‌ غه‌نی هه‌ر له‌و هوتێله‌ بوو.

گێرانه‌وه‌ی دووم:
ساڵی 1989 له‌ شوێنی ده‌فته‌ری سیاسی حێزبی دیموکرات، به‌ڕێز دوکتور قاسملو نه‌قڵی ئه‌م دیداره‌ی به‌م چه‌شنه‌ باسکرد:
له‌ سه‌فه‌ری پراگ هه‌ڵێک پێک هات تا ده‌گه‌ڵ خاوه‌ری دانیشتنێکمان بێت. خاوه‌ری و‌تی که‌ ڕابردوو هه‌ر چی بوو، بوو! وه‌رن با سه‌رله‌ نوێ بناغه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی تازه‌ دانێین. پێم وت زور باشه‌ ئیمه‌ش باسی هیچ ناکه‌ین هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌بیت که‌ ئیوه‌ ڕاتانگه‌یاندووه‌ که‌ قاسملو‌ 10 میلیون دلاری له‌ ناتۆ ‌ورگرتووه‌ ده‌بێ ئه‌وبابه‌ته‌ بۆ خه‌ڵک ڕوون که‌نه‌وه. یان بڵین که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ یان بڵین که‌ چۆن ده‌گه‌ڵ حزبێک که‌ پاره‌ی له‌ ناتۆ وه‌رگرته‌ په‌یوه‌ندی ده‌گرن. خاوری حاشای کرد که‌ خه‌به‌ری له‌ چۆنیه‌تی ئه‌و هه‌واله‌ بووبێت و وتی که‌ " هی سه‌ر ده‌می من نه‌بووه‌". وتم به‌م وته‌یه‌‌ش ڕازیم و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ڕابگه‌یه‌نن که‌ ڕابه‌رایتی نوێی حیزبی توده‌ ئاگای له‌و هه‌واڵه‌ نیه‌ و دوپاتی ناکاته‌وه،‌ به‌سه. به‌ڵام ئیمه‌ ناتوانین بێ ئه‌وی ئێوه‌ هه‌ڵویستێک به‌ڕامبه‌ر به‌و تومه‌ته‌ بگرن بناغه‌ی په‌یوه‌ندی نوێ دانێین. خاوه‌ری له‌ دانه‌وه‌ی وڵامێکی ڕوون به‌و ویسته‌ خوی پاراست و به‌وجۆره‌ به‌ئاکامێک نه‌گه‌یشتین. سه‌یر ئه‌وه‌ بوو که‌ ڕۆژی دوایی، غه‌نیم له‌ رێستورانی هوتله‌که‌ دیت، به دیتنی من سه‌ری سووڕما. لام سه‌یر بوو که‌ ئاگاداری‌ چاوپیكه‌‌‌‌وتنی من و خاوه‌ری نه‌بوو. وتی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حزبی توده‌یه! پێم و‌ت کاکی به‌ڕێز له‌ بیرته‌ ئه‌وکاته‌ی که‌ ئه‌ندامی ده‌فتری سیاسی حزبی دیموکرات‌ بووی و نه‌ده‌هاتی بۆ دانیشتنه‌کانمان، ده‌هاتمه‌ ماڵه‌وه‌ بۆلات و به‌ وردی هه‌موو هه‌واڵ و باسی حیزب و ده‌فته‌ری سیاسیم بۆ ده‌گێرایه‌وه. ده‌بیخۆ ده‌ی، ئه‌وه‌ من ده‌گه‌ڵ ڕابه‌ری حیزبه‌که‌ت باسی کوردستان ده‌که‌ین و تۆی کوردی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی هه‌ر ئاگاشت لێ نییه‌!

گیرانه‌وه‌ی سێهه‌م:
سالی 1990 له‌ کابول، پێته‌ختی ئه‌فغانستان، له‌ عه‌لی خاوه‌ری نه‌قڵی ئه‌و دیداره‌م پرسی و‌تی:
له‌ پراگ ئه‌من له‌ سه‌ر داواو پێداگرتنی عه‌زیز مه‌حه‌مه‌د ده‌گه‌ڵ قاسملو دانیشتم و هه‌وڵیشم دا ڕێگای نیزیک بوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ دێمۆکرات‌ خۆش که‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ قاسملو داوای "تۆبه‌‌نامه‌ی" ده‌کرد و ڕێ نه‌که‌وتین. پرسیم داوای دێموکرات به ڕوونی چی بوو، وڵامی نه‌دامه‌وه، به‌ڵام وتی هیواداره که‌ دووباره‌ ده‌رفه‌تێکیان بۆ هه‌ڵکه‌وێت و به‌ چاوپێکه‌وتنی دووباره‌ و سێ باره‌ "گیروگرفته‌کان" که‌م که‌نه‌وه‌ و له‌نێویان به‌رن‌ . پرسیم خۆ ده‌ڵین کاک غه‌نی هه‌ر له‌و هوتێله‌ بووه‌ که‌ ئێوه‌ و قاسملو له‌وێداچاوپێکه‌وتنتان بوو، کاک غنی وه‌ک کوردێکی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی به‌شداری کۆبوونه‌وه ده‌‌‌گه‌ڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان نه‌بووه. خاوه‌ری وتی که‌ وه‌بیری نایه‌ت که‌ غه‌نی له‌و شوێنه‌ بووبێت و به‌ڵکوو دڵنیاشه‌ که‌ له‌ شوینێکی تر "مه‌موریت و کاری" بووه‌.

گیرانه‌وه‌ی چواره‌م:
ساڵی 1995 له‌ ستۆکهوڵم پێته‌ختی سوید کاک غه‌نیم بینی و چونیه‌تی دیداری پراگم لێ پرسی. و‌تی که‌‌ باشی له‌بیر نه‌ماوه،‌ به‌ڵام قاسملوی له‌ پراگ دیوه‌ و نانخواردنێکیان پێکه‌وه‌ بووه‌ و به‌تێرو ته‌سه‌لی باسی بیره‌وه‌ری کۆنیان کردووه‌ و به‌خوشی لێک جودا بونه‌ته‌وه‌. پرسیم ئه‌رێ قه‌ت ده‌گه‌ڵ خاوه‌ری، باسی ئه‌و دا‌نیشتنه‌ و هۆی بێخه‌به‌ری و به‌شدارنه‌بوونت تێیدا، هێناوه‌ته‌ ‌گۆڕ ‌ یان له‌ دانیشتنی ده‌فته‌ری سیاسی دا باست لێکردووه‌؟ به‌داخه‌وه‌ کاک غه‌نی له‌ وه‌ زیاتری له‌ بیر نه‌ما‌بوو. وێ نه‌ده‌چوو که‌ خاوری ئه‌و چاوپیکه‌وتنه‌ی حه‌تا بۆ ده‌فته‌ری سیاسی باس کردبێت و "گوزارشی" دابێت.

تیبینی ئه‌من:
پتر له‌ 15 ساڵ له‌و دیداره‌ و له‌ بیستنی ئه‌و ڕه‌وایه‌تانه‌ تێپه‌ریووه‌، هه‌ر بۆیه‌ نه‌قڵه‌‌کان ئه‌وه‌یه‌ وا من له‌ بیرم ماوه‌ و ده‌ق به‌ ده‌ق گفتی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ نییه‌. دیاره‌ دوور نیه‌ هه‌ست و بۆ چوونی منیش کاری کردبێته‌ سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کان و بابه‌ته‌کانم" وا له‌ بیر" بیت که‌ خۆم پێم خۆشه‌. به‌ڕای من:

1. هاوری عه‌زیز مه‌حمه‌د وه‌ک کوردیک هه‌ڵویستی دژی جووڵانه‌وه‌ی کوردی حزبی برا"حزبی توده‌ای" زۆر بۆ گران بوو و ده‌یویست به‌هه‌ر چه‌شنیک بێت ئه‌م دوو لایه‌نه‌ پێکه‌وه‌ ئاشت بکاته‌وه‌.

2. ئامانجی سه‌ره‌کی دوکتور قاسملو له‌‌ سه‌فه‌ری پراگ دانیشتن له‌گه‌ڵ حیزبی توده نه‌بوو به‌لکو‌ ئه‌و ئه‌م دیداره‌ی به‌ هه‌لێک زانی بۆ زیندو کردنه‌وه‌ی په‌یوندی خوی و حزبی دیموکرات له‌گه‌ڵ وڵاتانی سوسیالیستی ئه‌وکات. دۆکتور قاسملو بۆ خوی قامکی له‌سه‌ر ئه‌وڕاستیه‌ دانا و وه‌تی که‌ داوای ویزای ‌مسکویشی کردوه‌ و گه‌شبینه‌ به‌ دواڕۆژی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌.

3. کورده‌کانی ئه‌ندامی حیزبی توده‌ هه‌ڵویستی توندیان بۆ له‌سه‌ر سیاستی حیزب له‌ کوردستان و داوای لێکۆڵینه‌وه‌ و ئالوگۆڕی بنه‌ره‌تیان له‌م بوواره‌دا ده‌کرد. عه‌لی خاوه‌ری بێ ئه‌وه‌ی باوڕی به‌دروستی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ بێت هیوادار بوو له‌ ڕێگای دیداری پراگ و ‌ڕێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ دۆکتور قاسملو پێشی په‌ره‌ سه‌ندنی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ بگرێت. دیاره‌ له‌و پێوه‌ندیه‌ دا ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئه‌ندامانی کوردی ناو حیزب ناباوه‌ر بوو که‌ حه‌تا کاک غنی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیشی ئاگاداری ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ نه‌کرده‌بوو.

تا سالی 1992 نێزیک به‌ سه‌د له‌ سه‌دی کوردکانی ئه‌ندامی حیزبی توده‌ ئه‌م ڕێکخراوه‌یان به‌جێهێشت.

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Wednesday, April 05, 2006
 

نان و به‌رف !

چ به‌فریک ده‌باری ئه‌م به‌یانیه‌!

عه‌رز به‌خوی نه‌ده‌گرت به‌ڵام ره‌نگی زستانی زۆر به‌ ڕوونی پێوه‌ دیاربوو.

قه‌یدی ناکات، با ببارێت. زۆری نه‌ماوه‌! هاکه‌زا دیت به‌هاری مه‌ش به‌ خوشی و به‌ سڵامه‌تی گه‌یشته‌ به‌ره‌وه‌! له‌ خۆمه‌وه‌ ناڵێم، هه‌واڵ و تێستی هه‌موو رادوینه‌کان و تلویزیونه‌کانم بیستووه‌، دیتووه‌ و خوێندووه‌ته‌وه‌ و بۆچوونی که‌ش و هه‌وای پتر له‌ 5 گۆاریشم چاولێکرده‌وه‌.

زۆر ئاره‌زوی گه‌رما ناکه‌م. ته‌نیا تاوم ده‌وێت. تاسه‌ی دیتنی ته‌شتی خۆر له‌ چه‌قی ئاسمان دا چه‌قاوه‌ته‌ دڵم. دوای پتر له‌ 5 مانگ سه‌رما وتاریکی ده‌خوازم وه‌ک هاووڵاتیه‌ سویدیه‌کانم خۆم له‌ به‌رهه‌تاو هه‌ڵخه‌م.
فه‌رهادی هاوریم که‌ نیشته‌جه‌ی فه‌رانسه‌یه‌ ده‌ڵیت. له‌ به‌ر کلیسای " دڵان" ( یان ناویکی نزیک له‌ دڵان، کلیسایکه‌ زۆر خۆشه‌ له‌ به‌رزایی ته‌پۆڵکه‌یک له‌ پاریس که‌ ده‌بی به‌ سه‌دان پیلکان دا سه‌ر که‌وی تا په‌ی بگه‌ی و ته‌واوی پاریسشی لێوه‌ دیاره‌)، به‌ڵێ فه‌رهادی هاوڕێم ده‌ڵی که‌ له‌ به‌ر ئه‌و کلیسادا ناسینه‌وه‌ی توریستی سویدی و باقی سکاندیناویا زۆر هاسانه‌. ئه‌وان نه‌ تماشای نه‌قش و نگاری جوانی کلیسا ده‌که‌ن و نه‌ گوێده‌ده‌نه‌ مه‌نزه‌ره‌ی جوانی پاریس. ته‌نیاپشت به‌ کلیسا روویان له‌ روژه‌ و به‌ چاووی قوونجاووه‌ به‌ئارامی و زۆر ئاشقانی ڕوو به‌ تاو سه‌ر ده‌جوڵێنن.

جا با خۆر وه‌ده‌رکه‌ویت شه‌رته‌ له‌ بانیژه‌ی 5 نه‌هومی ژووره‌که‌م له‌ سه‌ر ته‌نافی جله‌کاندا، خۆم له‌ به‌ر ته‌شتی گه‌شی تاوهه‌لخه‌م و واز نه‌هێنم تاوشک وشک ببمه‌وه‌. ئه‌ونده‌ وشک که دڵوپێک ئاو له هه‌موو‌ جه‌سته‌مادا نه‌مێنی. هه‌ر وه‌ک نانی ره‌ق. ئه‌و نانه‌ ڕه‌قه‌ خۆشه‌ی‌ دایکم هه‌ڵی ده‌خستو سازی ده‌کرد.

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Thursday, March 16, 2006
 

سپی سپی وه‌ک سوید !

حه‌رامبێت به‌قه‌ت ته‌ڕه‌ماشێکیش ڕه‌نگی به‌هاری پێوه‌ دیارنییه‌ ئه‌م وڵاته‌.

به‌فره‌ له‌ سه‌ر به‌فر چین له‌ سه‌ر‌ چین خۆیان راکێشاوه و‌ گالته‌ به‌ تیشکی چه‌ن ده‌ره‌جه‌ ژێر سفری ڕۆژی بێ هێز و تاقه‌ت ده‌که‌ن.

ئای که‌ چه‌ن تاسه‌ی نه‌ورۆزی وه‌ک خه‌ڵکه‌که‌ی گه‌رم و به‌ تینی سه‌قز ده‌که‌م!

ئێسته‌ نازانم چونه‌ به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی که‌ من غه‌ریبیه‌که‌م تنیا تا تاران بڕی ده‌کرد، هه‌مو خزم و که‌س و کار و منیشی له‌ گه‌ڵ له‌ هه‌ر شوینیک ببوینای به‌ ئوتووبوس یان به‌ ماشین به‌ گاری یان به‌ ته‌یاره‌ بۆ نه‌وڕۆز ده‌بوا حه‌تمه‌ن خۆمان بگینینه‌وه‌ سه‌قز و پیکه‌وه‌ حێژن بگرین و تا درێژه‌ی شه‌و له‌ سه‌ربان یان له‌ به‌ر درگا به‌ده‌ور ئاگری نه‌ورۆز دا هه‌لبه‌ز و دابه‌زکین و تقه‌ و فیشه‌که‌شیته‌ وه‌حواخه‌ین.

ماڵتانه‌! ئیستا که‌ بیری لی ده‌که‌مه‌وه‌ پیر له‌ 30 ساڵه‌ نه‌ورۆزی سه‌قزم نه‌دیوه‌. ده‌ک نه‌مینی زه‌مانه‌.

به‌هه‌ر حال:

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی قه‌ت له‌بیرم ناچنه‌وه

‌نه‌ورۆز و ساڵی تازه‌تان زۆر زۆر زۆر لێ پێرۆز بێت!

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Tuesday, February 28, 2006
 

دوو لاقه !

له‌ گه‌ڵئه‌وه‌ی که‌ دنیام به‌گشتی پی پووچه، هه‌میشه‌ به‌ گه‌شبینیه‌وه‌ چاوم له‌ ژیان و له‌ مێژوو و له‌ دوا ڕۆژی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی کردووه‌، به‌ڵام ماوه‌یکی نه‌زۆرکورته‌ که‌ هه‌ستده‌که‌م ره‌شبینی پتر و پتر بیر و ڕام داگیرده‌کات و به‌ته‌وای جی به‌ گشبینی لێژ‌کردووه‌. له‌وش زیاتر ئه‌ویه‌ که‌ پێشتر قه‌ت حه‌زم له‌ قسه‌ی بی ئه‌دبانه‌نه‌بووه‌‌، بڵام نایشارمه‌وه‌ ماوه‌یکه‌ گه‌رجی به‌س لای خوم به‌لام زور قسه‌ی ناخوش دیته‌ سه‌ر زارم.

ئه‌وکاته‌ی دانشجو بووم له‌ کتێبێکی ده‌رسیدا خوێندمه‌وه‌ که‌ مروڤ هه‌ر 20 ساڵ به‌قه‌ت هه‌مو مێژوی خوی شتی تازه‌ و نوێ دروست ده‌کات " ئیختراع و ئیکتشاف". به‌ڕای من ئه‌م حوکمه‌ ئه‌مرۆیش هه‌روا ڕه‌وایه‌ و مروڤایتی هه‌روا به‌ره‌وپێشه‌وه‌ هنگاوی شێرانه‌ "یان دێوانه‌" ده‌هاوێژی. نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وی سه‌روکارم له‌ گه‌ڵ کامپیوترو تکنۆلۆژیدایه‌، به‌ڵکو به‌پی ئه‌وهه‌مو خه‌به‌رانه‌ی که‌ به‌گشتی له‌ ڕۆژنامه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌گشتیه‌کاندا بڵاو ده‌بێته‌وه ئاگادارم که‌ هه‌ر ڕۆژ ده‌یان‌ ئیختراع تازه‌ رووده‌دا و ده‌یان تکنۆلۆژیای نۆێ دێته‌ ئاراوه‌. ده‌وری به‌ره‌و پیش چوون هێنده‌ تونده‌ که‌ ئه‌مرۆ هه‌ر ده‌سکه‌وتیکی زۆر نوێی بوو نمونه‌ هی دووساڵ له‌مه‌و پێش به‌ته‌واوی کۆن و دێمۆده‌ دێته‌ به‌ر چاو.

به‌ڵام هه‌ر له ده‌ورانی زانکو دا دیسان له‌ کتیبیکدا" دوریش نیه‌ هه‌مان کتیبی پێشو بێت" خوێندمه‌وه‌ که‌ کۆلتور یان ستروکتووری کۆمه‌ڵایه‌تی و تکنۆلۆژی دوباڵی" لاقی" به‌ره‌و ێیش چونی مروڤایه‌تین. هه‌ر لیره‌شدایه‌ که‌ ده‌ردی گه‌شبینی و ره‌شبینی ئه‌ز ده‌ست پێده‌کات.

تا چه‌ندساڵ له‌مه‌و به‌ر باوریکی قوڵم به‌وی بوو که‌ ئه‌و مروڤه‌ی که‌ له‌ به‌رده‌داریه‌ و خوی گه‌یاندوه‌ته‌ دنیای پڕ له‌ ئازادی و دموکراسی سه‌رده‌م، حه‌تمه‌ن ده‌توانی رۆژی له‌ ڕۆژان بوو هه‌میشه زۆره‌ملی، دیکتاتوری، نه‌زانی، دواکه‌وتوویی، برسیه‌تی و نا به‌رابه‌ری ڕیشه‌کێش کات و ... .

به‌ڵام زور له‌ مێژه‌ که‌ هه‌ر ڕؤژ دوای بیستنی هه‌واڵه‌کان به‌ خوده‌ڵێم هه‌نگاوێ به‌ره‌و پاش. مه‌به‌ستم ته‌نیا ڕۆژه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نییه‌ به‌ڵکو هه‌مو شوینیکی ئه‌م ئه‌رده‌ به‌ ئاسیا، ئافریقا، ئامریکا و بگره‌ ئو‌روپایشه‌وه‌.

ده‌زانم لێم حاڵین که‌ چیده‌ڵێم و که‌س فاکتا و نمونه‌ی کونکرتی پێویست نییه‌ بۆیه‌ زۆڕی له‌ سه‌رناروم به‌س ئه‌وه‌نده‌ که‌ ماوه‌یکه‌ تنیا به‌ وتنی "هه‌نگاوی بۆ پاش" رازی نابم و زور گفتی ناخوشیش ده‌خه‌مه‌ پاڵی. ئه‌وه‌نده‌یش‌ لێم حاڵیه‌ زۆر دۆست و براده‌ریشم توشی ئه‌م ده‌رده‌ بوون.

سه‌ره‌رای ئه‌ویش من که‌ زور ساڵ سه‌رم به‌ دیالکتیک و شه‌ری دژبه‌یه‌که‌کان قاڵ بووه‌ بریکیش له‌وه‌ ده‌ترسم که‌ ئه‌گه‌ر دوولاقی مرڤ هه‌روا لێک زیز بن و لیک دوور که‌ونه‌وه‌ هه‌نده‌ی پێنه‌چی‌ که‌ ناوو گه‌ڵی مروڤایتی به‌ته‌وای لێک داقڵه‌شی و ئاسه‌واری به‌ دنیاوه‌ نه‌مێنێت و ببێت به‌ جی گالته‌ و مه‌زحه‌که‌ی جڕوجانه‌وه‌رانی دوای ئێمه‌.

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Thursday, January 12, 2006
 

یه‌کگرتن

له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌رکاری ڕژیمی اسلامی له‌ ئێران، بازاری لێککۆبوونه‌وه‌ و ده‌مه‌چه‌قه‌ و وتوووێژی به‌کۆمه‌ل له‌ شه‌قام و کۆلانی شاره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ تارانی پێته‌خت زۆر گه‌رم بوو. کاتی وا بوو که‌ له‌ پێش زانسگای تاران به‌ هزاران که‌س له‌ ده‌یان گروپی گه‌وره‌ و چکۆله‌دا لێک ده‌هاڵان . ‌هه‌ر گروپێک سه‌ری به‌ باسیک گه‌رم بوو و بابه‌تیکی رۆژیان هه‌ڵده‌سنگاند و شیده‌کرده‌وه‌. نوێنه‌ران و قسه‌بێژانی ڕیکخراوه‌ سیاسیه‌ کانیش دیاره‌ به‌ گه‌رم و گووڕی له‌م کۆبوونه‌وانه‌دا بشدار ده‌بوون و خه‌رێکی ته‌بلیغ و "فروشتنی" بۆچوونی سیاسی حیزبه‌که‌یان بوون. له‌و ڕۆژانه‌دا حیزب اللهیه‌کان که‌ زۆر حه‌زیان له‌ لێکۆلینه‌وه‌ و وتوووێژ نه‌بوو درووشمێکی زۆر سه‌یریان ده‌دا. ئه‌وان له‌ گروپی چه‌ندکه‌سیدا به‌ناو حه‌شامه‌تی خه‌ڵکدا ده‌هاتن و ده‌چوون و ده‌یان نه‌ڕاند: "جمع نشید تفرقه‌ میافته"‌. واته‌: کۆمه‌بنه‌وه‌ چه‌نبه‌ره‌کی دێنێت.

نازانم بۆ کاتی باسی یه‌کگرتنی دوو ئیداری باشووری کوردستانم بیست له‌ پڕئه‌م دووروشمه‌م هاته‌وه‌ یاد‌. خۆ له‌ مێژه‌ ئاواته‌خوازی ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌م و به‌ بیستنیشی له‌ خوشیدا دوو ده‌ورێک هه‌لپه‌ڕیم. تۆ به ئاکامی‌ ترسیکی دابنی له‌ تیکچوونی ئه‌و وه‌زعه‌ هه‌رکاتیک بنی دڵم ده‌له‌رزینی.

PS: ئه‌رێ ڕاتان سه‌باره‌ت به‌ پێکهاتنی به‌ره‌ی کوردی له‌ ناووه‌ له‌ کوردستانی رۆژ هه‌لات "جه‌ماعه‌تی ئاغای ئه‌ده‌ب" چییه‌. ناشوکری نه‌بی خۆ له‌ده‌ره‌وه‌ چه‌ خه‌به‌ر نییه‌!

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Tuesday, January 03, 2006
 

بووکه‌ بارانه‌


کام هاوڕێ بێ
ئه‌مشه‌و بڕۆا
هه‌وری ڕه‌شم بۆ دا‌بێژێ!

ساڵی نوێیه‌
دوورله‌ وڵات
به‌بێ باران
کڵپه‌ی دڵم
دانامرکێت،
سوکنای نایێت.

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Monday, January 02, 2006
 

ساڵی خۆم!


هێشتا پتر له‌ 5 خولی بۆ نوێ بوونی ساڵ مابۆ که‌ سوور سوور، سوورتر له‌ هه‌ر ڕنگی سوورێک، بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ساڵی تازه‌ ساڵی خۆمه‌.


ڕه‌نگه‌ له‌م ساڵه دا له‌ ئێراق کورد زۆر ده‌سکه‌وتی تازه‌ وه‌ده‌ست بێنێت‌ یان چییان وه‌ده‌سته‌وه ‌نه‌مێنێت‌. ڕنگه‌ له‌ئه‌م ساڵه‌دا له‌ئێران بۆمبای ئه‌تۆمی تاقی که‌نه‌وه‌ یان ڕێگای نه‌وت فروشتنیشیان لێبگیریت. ڕنگه‌ نه‌خۆشی زۆر زه‌خڵه‌ت دنیا داگرێت یان توی ئیدز له‌ ئافریقا بنه‌بڕبێت... به‌ڵێ ڕنگه‌ له چاره‌نووسی‌ ساڵی 2006 دا زۆرڕووداوی خۆش و ناخۆش ڕه‌دیفکرابێت. به‌لام چۆن زه‌ق ده‌زانم خۆر رۆژی جارێک وه‌ ده‌ور زه‌ویدا ده‌ سووڕێت واش لێم ڕوونه‌ که‌ ئه‌م ساڵه‌ ساڵی خۆمه‌.


5 خۆل پێش نوێ بوونی ساڵ له‌گه‌ڵ میوانه‌کانم ، شامپاین وه‌ده‌سته‌وه‌، له‌ سه‌ر پردێکی پیش ماله‌که‌مان تێکه‌ڵاوی منداڵ و گه‌وره‌ی هاوسێ و دراوسێ سه‌یری ته‌قینه‌وه‌ی تقته‌قه‌ و بریقه‌ و زریقه‌ی فشفشه‌مان ده‌کرد که له‌پڕ‌ ڕێبواریک له‌ گوێما چریکانی (به‌ سوییدی) ساڵی تازه‌ت لێ پێروز بێت. یه‌ک ڕاست موچڕکێک له‌ ته‌وقی سه‌ر تا بنی پێمی داگرت و بێ سێ و دوو چه‌قییه‌ دڵم که ‌ ئه‌م ساڵ ساڵ خومه‌!


ساڵی تازه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک پێروز بێت به‌تایبه‌ت له‌ تۆ!


دۆعام بۆ بکه‌، خه‌ونه‌که‌م ڕاست بێت و وه‌بیرت بێت ئاخری ساڵ لێم بپرسی ساڵه‌که‌م چۆن بۆ و چی قه‌وما!

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Friday, December 30, 2005
 

17

ده‌ڵێن:

ماموستایه‌ک به‌ شاگرده‌که‌ی ده‌ڵێ بنووسه‌ خه‌یار. ده‌نووسێت منار. ده‌ڵێ بیخوێنه‌وه‌. ده‌ڵێ چنار. مامۆستا ده‌ڵێ 3 هه‌ڵه‌ت هه‌یه،‌‌ نمره‌ت 17.

له‌ گه‌ڵ سپاس بۆ ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی وا هه‌ڵه‌کانمی ڕاست کردۆ‌ته‌وه‌ و به‌وهیوایه‌ی بتوانم کوردیه‌که‌م چاکترکه‌م.

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
Thursday, December 29, 2005
 

یه‌که‌م پۆسته‌

با که‌لیخان لووتکه‌یک بێت بۆ رووانینن به‌ سه‌ر شاره‌ جوانه‌کانی سه‌قز و بانه‌ و با چایی خانه‌یک بێت بوو ساتێ حه‌سانه‌وه‌ و دوو قسه‌ی خۆش.


هه‌موو لاێک زوور زوور به‌ خێربێن!

~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~

This page is powered by Blogger. Isn't yours?